< دووەم پوختەی مێژوو 15 >

ڕۆحی خودا هاتە سەر عەزەریای کوڕی عۆدێد و 1
ئەویش چووە بەردەم ئاسا و پێی گوت: «ئەی ئاسا و هەموو یەهودا و بنیامین گوێم لێ بگرن، یەزدان هەتا لەگەڵیدا بن لەگەڵتاندا دەبێت، ئەگەر ڕووی لێ بکەن بۆتان دەردەکەوێت بەڵام ئەگەر بەجێی بهێڵن بەجێتان دەهێڵێت. 2
ئیسرائیل ڕۆژانێکی زۆر بێ خودای ڕاستەقینە و بێ کاهینی مامۆستا و بێ فێرکردن بوون. 3
بەڵام کە لە تەنگانەکەیاندا گەڕانەوە بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل و ڕوویان لەو کرد، بۆیان دەرکەوت. 4
لەو سەردەمەدا کەس نەیدەتوانی بێ ترس گەشت بکات، چونکە نائارامییەکی زۆر باڵی بەسەر هەموو دانیشتووانی خاکەکاندا کێشابوو. 5
ئیتر نەتەوەیەک بە نەتەوەیەکی دیکە لەناودەبردرا و شارێک بە شارێکی دیکە، چونکە خودا بە هەموو تەنگانەیەک هەراسانی کردبوون. 6
بەڵام ئێوە بەهێزبن و دەستتان شل مەکەن، چونکە پاداشت هەیە بۆ کارەکەتان.» 7
کە ئاسا گوێی لەم قسانە و لە پەیامەکەی عەزەریای کوڕی عۆدێد پێغەمبەر بوو، بەهێز بوو و بتە قێزەونەکانی لە هەموو خاکی یەهودا و بنیامین و ئەو شارۆچکانەی کە لە شاخەکانی ئەفرایمدا گرتنی، ڕیشەکێش کرد. قوربانگاکەی یەزدان ئەوەی بەردەم هەیوانەکەی پەرستگای یەزدانی نوێ کردەوە. 8
ئینجا هەموو خەڵکی یەهودا و بنیامین و ئەو بیانییانەی کە لەگەڵیان بوون، لە ئەفرایم و مەنەشە و شیمۆن کۆی کردنەوە، چونکە لە ئیسرائیلەوە خەڵکێکی زۆر هاتبوونە پاڵی کاتێک بینیبوویان یەزدانی پەروەردگاری لەگەڵیدایە. 9
لە مانگی سێی پازدەیەمین ساڵی پاشایەتی ئاسادا لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە و 10
لەو ڕۆژەدا لەو دەستکەوتەی کە لەگەڵ خۆیان هێنابوویان، حەوت سەد مانگا و حەوت هەزار مەڕیان بۆ یەزدان سەربڕی و 11
پەیمانێکیان بەست کە بە هەموو دڵ و بە هەموو گیانیانەوە ڕوویان لە یەزدان بکەن، خودای باوباپیرانی خۆیان، 12
هەموو ئەوانەی کە ڕوو لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ناکەن، لە گەورە و بچووک و لە پیاو و ژن، دەکوژرێن. 13
ئەوانیش سوێندیان بۆ یەزدان خوارد، بە دەنگی بەرز و بە هوتاف و زوڕنا و کەڕەنا لێدان. 14
هەموو یەهودا بەو سوێندە دڵخۆش بوون، چونکە بە هەموو دڵیانەوە سوێندیان خوارد و بەوپەڕی ڕەزامەندییانەوە ڕوویان لە یەزدان کرد، ئەویش بۆیان دەرکەوت و یەزدان لە هەموو لایەکەوە ئەوانی حەواندەوە. 15
ئاسای پاشا تەنانەت مەعکای داپیریشی لە پلەی شاژنی دایک لابرد، لەبەر ئەوەی ستوونە ئەشێرایەکی قێزەونی دروستکردبوو. ستوونەکەی بڕییەوە و وردوخاشی کرد و لە دۆڵی قدرۆن سووتاندی. 16
هەرچەندە نزرگەکانی سەر بەرزایی لە ئیسرائیل تێکنەدران، بەڵام دڵی ئاسا بە درێژایی ژیانی بە تەواوی لەگەڵ یەزدان بوو. 17
هەروەها شتە تەرخانکراوەکانی خۆی و باوکی لە زێڕ و زیو و قاپوقاچاغ هێنایە ناو پەرستگای خودا. 18
هەتا ساڵی سی و پێنجەمی پاشایەتی ئاسا هیچ جەنگێکی دیکە هەڵنەگیرسا. 19

< دووەم پوختەی مێژوو 15 >