< دووەم پوختەی مێژوو 1 >

سلێمانی کوڕی داود دەسەڵاتی خۆی بەسەر پاشایەتییەکەیدا بەهێز کرد، چونکە یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەگەڵی بوو، زۆر مەزنی کرد. 1
پاشان سلێمان قسەی لەگەڵ هەموو ئیسرائیل کرد، لەگەڵ فەرماندەکانی هەزاران و سەدان، هەروەها دادوەرەکان و هەموو سەرکردەکان لە هەموو ئیسرائیل کە گەورەی بنەماڵەکان بوون. 2
ئیتر سلێمان و هەموو کۆمەڵەکە لەگەڵی چوونە سەر ئەو نزرگەیەی لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆنە، چونکە چادری چاوپێکەوتنی خودا کە موسای بەندەی یەزدان لە چۆڵەوانیدا دروستی کرد، لەوێ بوو. 3
داود لە قیریەت یەعاریمەوە سندوقی خودای هێنا بۆ ئەو شوێنەی کە ئامادەی کردبوو، لەبەر ئەوە لە ئۆرشەلیم چادرێکی بۆ هەڵدابوو. 4
بەڵام ئەو قوربانگا بڕۆنزییەی کە بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حوور دروستی کردبوو، لە گبعۆن لەبەردەم چادرەکەی پەرستنی یەزدان بوو، ئیتر سلێمان و کۆمەڵەکە لەوێ پرسیاریان لە یەزدان کرد. 5
سلێمان لە یەزدان چووە پێشەوە و هەزار قوربانی سووتاندنی سەرخستە سەر قوربانگا بڕۆنزییەکە کە لەبەردەم چادری چاوپێکەوتندا بوو. 6
لەو شەوەدا خودا بۆ سلێمان دەرکەوت و پێی فەرموو: «داوا بکە، چیت پێ بدەم؟» 7
سلێمانیش بە خودای گوت: «تۆ لەگەڵ داودی باوکم چاکەی گەورەت کردووە، منت لە جێی ئەو کردووەتە پاشا. 8
ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگار، با بەڵێنەکەت لەگەڵ داودی باوکمدا بچەسپێت، چونکە تۆ منت کردووەتە پاشای گەلێکی زۆر کە وەک خۆڵی زەوییە. 9
ئێستا دانایی و زانینم پێ ببەخشە بۆ ئەوەی ڕابەرایەتی ئەم گەلە بکەم، چونکە کێ دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە گەورەیەت بکات؟» 10
خوداش بە سلێمانی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەمە لە دڵتدا بوو و داوای دەوڵەمەندی و سامان و پایەداری و مردنی دوژمنەکانت نەکرد، هەروەها داوای تەمەن درێژیت نەکرد، بەڵکو داوای دانایی و زانینت بۆ خۆت کرد، بۆ ئەوەی دادوەرایەتی گەلەکەم بکەیت، ئەوەی تۆم کردووەتە پاشای، 11
ئەوا دانایی و زانینت پێ دەبەخشم. سەرباری ئەوەش دەوڵەمەندی و پارە و پوول و پایەدارییەکی وات پێ دەبەخشم کە شتی وا نەبووبێت بۆ پاشاکانی پێش تۆ و بۆ ئەوانەی لەدوای تۆش دێن.» 12
پاشان سلێمان لە چادری چاوپێکەوتنەوە کە لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆن بوو چوو بۆ ئۆرشەلیم و پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. 13
سلێمان گالیسکە و ئەسپ سواری کۆکردەوە، هەزار و چوار سەد گالیسکە و دوازدە هەزار ئەسپ سواری هەبوو. لە شارەکانی گالیسکەکان و لەگەڵ خۆیدا لە ئۆرشەلیم داینان. 14
پاشا کارێکی وای کرد کە لە ئۆرشەلیم زێڕ و زیو وەک بەردیان لێ بێت، دار ئورزیش لە زۆری وەک دار هەنجیری زوورگەکان بێت. 15
ئەسپەکانی سلێمان لە میسر و لە قەڤێیەوە هاوردە دەکران. بازرگانەکانی پاشا لە قەڤێیەوە بە نرخی بازاڕ وەریاندەگرتن. 16
گالیسکە لە میسرەوە بە شەش سەد شاقل زیو و ئەسپیش بە سەد و پەنجا هاوردەیان دەکرد، هەروەها بۆ هەموو پاشاکانی حیتی و ئارامی هەناردەیان دەکرد. 17

< دووەم پوختەی مێژوو 1 >