< یەکەم ساموئێل 8 >

ئەوە بوو کە ساموئێل پیر بوو کوڕەکانی کردە ڕابەری ئیسرائیل. 1
ناوی کوڕە نۆبەرەکەی یۆئێل و ئەوەی دیکەشیان ئەبیا بوو، لە بیری شابەع دادوەرییان دەکرد. 2
بەڵام کوڕەکانی بە ڕێگای ئەودا نەڕۆیشتن، بەڵکو بەلای دەستکەوتی ناڕەوا لایاندا و بەرتیلیان وەرگرت و دادپەروەرییان لە ڕێی ڕاست لادا. 3
جا هەموو پیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوە و هاتنە ڕامە بۆ لای ساموئێل. 4
پێیان گوت: «ئەوەتا تۆ پیر بوویت و کوڕەکانت بە ڕێگای تۆدا ناڕۆن. ئێستاش وەک هەموو نەتەوەکان پاشایەکمان بۆ دابنێ تاکو ڕابەرایەتیمان بکات.» 5
بەڵام ئەم شتە لەبەرچاوی ساموئێل خراپ بوو کاتێک گوتیان، «پاشایەکمان بدەرێ هەتا ڕابەرایەتیمان بکات،» جا ساموئێل نوێژی بۆ یەزدان کرد. 6
یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «گوێ لە دەنگی ئەم گەلە بگرە لە هەموو ئەوەی کە پێت دەڵێن، چونکە ئەوان تۆیان ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵکو منیان ڕەتکردووەتەوە، وەک پاشایان. 7
ئەوان ئێستا وا ڕەفتارت لەگەڵ دەکەن هەروەک لەگەڵ من کردیان لەو ڕۆژەی لە میسرەوە دەرمهێنان هەتا ئەمڕۆ، وازیان لە من هێنا و خودای دیکەیان پەرست. 8
ئێستاش گوێ لە دەنگیان بگرە، بەڵام بە ڕاستی ئاگاداریان بکەرەوە و ماف و داواکارییەکانی ئەو پاشایەیان پێ ڕابگەیەنە کە حوکمڕانییان دەکات.» 9
ئینجا ساموئێل هەموو وشەکانی یەزدانی بەو خەڵکە گوت کە داوای پاشایان لێکرد. 10
گوتی: «ئاوا دەبێت مافەکانی ئەو پاشایەی دەبێتە پاشاتان، کوڕەکانتان دەبات و دایاندەنێت بۆ گالیسکەکانی و بۆ سوارەکانی و لەپێش گالیسکەکانییەوە ڕادەکەن. 11
هەندێک وەک فەرماندەی هەزاران و پەنجاکان بۆ خۆی دادەنێت، هەندێکیش بۆ کێڵانی زەوییەکەی و دروێنەکردنی بەروبوومەکەی، هەندێکی دیکەشیان دادەنێت چەکی جەنگ و کەلوپەلی گالیسکەکانی بۆ دروستبکەن. 12
کچەکانیشتان دەبات ببن بە بۆنگرەوە و چێشتلێنەر و نانکەر. 13
باشترین کێڵگە و ڕەزی مێو و باخی زەیتوونەکانیشتان دەبات و دەیدات بە خزمەتکارەکانی. 14
دەیەکی دانەوێڵە و ڕەزەمێوەکانتان دەبات و دەیداتە کاربەدەست و خزمەتکارەکانی. 15
کۆیلە و کەنیزە و باشترین گا و گوێدرێژەکانتان دەبات و بۆ ئیشوکاری خۆی بەکاریاندەهێنێت. 16
دەیەکی مەڕوماڵاتتان دەبات و ئێوە دەبنە کۆیلەی ئەو. 17
جا لەو ڕۆژەدا لەبەر پاشاکەتان هاوار دەکەن کە خۆتان هەڵتانبژاردووە، یەزدانیش لەو ڕۆژەدا وەڵامتان ناداتەوە.» 18
بەڵام گەل گوێیان لە ساموئێل نەگرت و گوتیان: «نەخێر! ئێمە پاشایەکمان دەوێت پاشایەتیمان بکات، 19
تاکو ئێمەش وەک هەموو نەتەوەکانی دیکە بین، پاشایەک ڕابەرایەتیمان بکات و لەپێشمانەوە بڕوات و لە جەنگەکان بۆمان بجەنگێت.» 20
جا ساموئێل گوێی لە هەموو قسەکانی گەل گرت و هەمووشی بۆ یەزدان گێڕایەوە. 21
یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «گوێ لە دەنگیان بگرە و پاشایەکیان بۆ دابنێ.» ئینجا ساموئێل بە پیاوانی ئیسرائیلی گوت: «با هەرکەسە و بەرەو شارۆچکەکەی خۆی بڕواتەوە.» 22

< یەکەم ساموئێل 8 >