< یەکەم ساموئێل 19 >

ئیتر شاول بە یۆناتانی کوڕی و هەموو خزمەتکارەکانی گوت کە داود بکوژن. بەڵام یۆناتانی کوڕی شاول لە دڵەوە داودی خۆشدەویست. 1
جا یۆناتان داودی ئاگادار کردەوە و گوتی: «شاولی باوکم دەیەوێ بتکوژێت. بەیانی ئاگات لە خۆت بێت و لە حەشارگەیەکدا بمێنەوە، خۆت بشارەوە. 2
منیش دەچم و لەتەنیشت باوکمەوە لەو کێڵگەیەدا ڕادەوەستم کە خۆتت تێیدا شاردووەتەوە، لەبارەی تۆوە قسە لەگەڵ باوکم دەکەم و تەماشا دەکەم بزانم چی دەبێت و پێتی ڕادەگەیەنم.» 3
ئینجا یۆناتان بە چاکە دەربارەی داود بۆ شاولی باوکی قسەی کرد و گوتی: «با پاشا خراپەیەک دەرهەق بە داودی خزمەتکاری خۆی نەکات، چونکە ئەو خراپەی دەرهەق بە تۆ نەکردووە و کارەکانیشی دەرهەق بە تۆ زۆر چاکن. 4
ئەو ژیانی خۆی خستە سەر دەستی و فەلەستییەکەی کوشت، یەزدانیش ڕزگارییەکی گەورەی بۆ هەموو ئیسرائیل هێنایە ئاراوە، تۆ خۆت بینیت و دڵخۆش بوویت، ئیتر بۆچی خراپە دەرهەق بە خوێنی بێتاوانێک دەکەیت، بەبێ هۆ داود دەکوژیت؟» 5
شاولیش گوێی لە دەنگی یۆناتان گرت، شاول سوێندی خوارد: «بە یەزدانی زیندوو، داود ناکوژرێت.» 6
ئینجا یۆناتان داودی بانگکرد و هەموو ئەو قسانەی پێ ڕاگەیاند، یۆناتان داودی هێنایەوە لای شاول و ئیتر وەک جاران لەبەردەمیدا بوو. 7
جارێکی دیکە جەنگ هەڵگیرسا و داود چوو لە دژی فەلەستییەکان بجەنگێت، گورزێکی گەورەی لێ وەشاندن و لەبەردەمی هەڵاتن. 8
بەڵام کاتێک شاول لە ماڵەوە دانیشتبوو و ڕمێکی بەدەستەوە بوو، دیسان ڕۆحێکی بەد لەلایەن یەزدانەوە هاتەوە سەری. کاتێک داود قیسارەکەی دەژەند، 9
شاول ویستی بە ڕمەکەی لە داود بدات و بە دیوارەکەوە هەڵیبواسێت، بەڵام ئەو لەبەردەم شاولدا هەڵات، جا لە دیوارەکەی دا و داودیش هەڵات و ئەو شەوە دەرباز بوو. 10
پاشان شاول چەند نێردراوێکی بۆ ماڵی داود نارد هەتا چاودێری بکەن و لە بەیانیدا بیکوژن. بەڵام میخەلی ژنی پێی ڕاگەیاند و گوتی: «ئەگەر ئەمشەو دەرباز نەبیت، بۆ سبەینێ کوژراویت.» 11
ئیتر میخەل داودی لە پەنچەرەکەوە شۆڕکردەوە، ئەویش ڕۆیشت، ڕایکرد و دەرباز بوو. 12
پاشان میخەل پەیکەرێکی برد و خستییە ناو جێگاکەیەوە، هەندێک مووی بزنیشی لە جێی سەری دانا و بە جلوبەرگ دایپۆشی. 13
شاولیش چەند نێردراوێکی نارد هەتا داود بگرن، میخەلیش گوتی: «نەخۆشە.» 14
ئینجا شاول چەند نێردراوێکی بۆ بینینی داود نارد و گوتی: «بە جێگاکەیەوە بۆ منی بهێنن هەتا بیکوژم.» 15
بەڵام کاتێک نێردراوەکان هاتنە ژوورەوە، تەماشایان کرد ئەوەتا پەیکەرێک لەناو جێگاکەیە و هەندێک مووی بزنیش لە جێی سەرییەتی. 16
جا شاول بە میخەلی گوت: «بۆچی ئاوا هەڵتخەڵەتاندم، دوژمنەکەی منت بەڕەڵا کرد و دەرباز بوو؟» میخەلیش بە شاولی گوت: «ئەو پێی گوتم:”ئەگەر بەڕەڵام نەکەی دەتکوژم.“» 17
کاتێک داود ڕایکرد و دەرباز بوو، چوو بۆ لای ساموئێل لە ڕامە، هەموو ئەوەی شاول پێی کردبوو پێی ڕاگەیاند. ئینجا داود لەگەڵ ساموئێل چوون و لە نایۆت مانەوە. 18
جا بە شاول ڕاگەیەنرا و گوترا: «داود وا لە نایۆتە لە ڕامە.» 19
شاولیش چەند نێردراوێکی نارد بۆ گرتنی داود، کاتێک کۆمەڵی پێغەمبەرانیان بینی حاڵیان گرتووە و ساموئێلیش وەک سەرۆک بەسەریانەوە ڕاوەستاوە، ڕۆحی خودا بەسەر نێردراوەکانی شاولیشدا هات و ئەوانیش حاڵیان گرت. 20
ئەمەیان بە شاول ڕاگەیاند، ئەویش چەند نێردراوێکی دیکەی نارد، هەروەها ئەوانیش حاڵیان گرت. ئینجا بۆ جاری سێیەم چەند نێردراوێکی نارد و ئەوانیش حاڵیان گرت. 21
ئینجا خۆی چوو بۆ ڕامە، گەیشتە ئەمباراوە گەورەکە، ئەوەی لە سەخویە، پرسیاری کرد: «ساموئێل و داود لەکوێن؟» پێی گوترا: «لە نایۆتن، لە شارۆچکەی ڕامە.» 22
جا شاول چوو بۆ ئەوێ، بۆ نایۆت لە ڕامە. تەنانەت ئەویش ڕۆحی خودا هاتە سەری و بە ڕۆیشتنەوە حاڵی گرت هەتا گەیشتە نایۆت. 23
جلەکانی لەبەر خۆی داکەند و ئەویش لەبەردەم ساموئێل حاڵی گرت، بە درێژایی ئەو شەو و ڕۆژە بە ڕووتی خۆی دا بە زەویدا. لەبەر ئەوەیە دەڵێن، «ئایا شاولیش لەنێو پێغەمبەرەکانە؟» 24

< یەکەم ساموئێل 19 >