< یەکەم پوختەی مێژوو 23 >

پاش ئەوەی داود پیر بوو و بە ساڵا چوو، سلێمانی کوڕی کرد بە پاشای ئیسرائیل. 1
هەموو سەرکردەکانی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکانی کۆکردەوە و 2
ئەو لێڤییانەشی تەمەنیان سی ساڵ و بەرەو سەرەوە بوو سەرژمێری کران و کۆی ژمارەیان سی و هەشت هەزار پیاو بوو. 3
داود گوتی: «بیست و چوار هەزار لەمانە بۆ سەرپەرشتیکردنی کاری پەرستگای یەزدان و شەش هەزاریان کوێخا و دادوەر و 4
چوار هەزاریان دەرگاوان و چوار هەزاری دیکەشیان بۆ ستایشکردنی یەزدان بەو ئامێرە مۆسیقییانەی کە بۆ ستایشکردن دروستم کردن.» 5
ئینجا داود لێڤییەکانی کردە چەند بەشێک، بەپێی کوڕەکانی لێڤی: گێرشۆن و قەهات و مەراری. 6
لە گێرشۆنییەکان: لەعدان و شیمعی. 7
کوڕەکانی لەعدان: یەحیێلی کوڕە گەورەی بنەماڵەکە، ئینجا زێتام و یۆئێل، سێ کوڕ بوون. 8
کوڕەکانی شیمعی: شەلۆمۆت، حەزیێل و هاران، سێ کوڕ بوون. ئەمانە گەورەی بنەماڵەکانی لەعدان بوون. 9
کوڕەکانی شیمعیش: یەحەت و زیزا و یەعوش و بەریعە. ئەمانە چوار کوڕەکەی شیمعی بوون. 10
یەحەت کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو و زیزا دووەم بوو، بەڵام یەعوش و بەریعە کوڕی زۆریان نەبوو، لەبەر ئەوە وەک یەک بنەماڵە هەژمارد کران. 11
کوڕەکانی قەهات: عەمرام، یەسهار، حەبرۆن و عوزیێل، چوار کەس بوون. 12
کوڕەکانی عەمرام: هارون و موسا. هارون و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە بۆ تەرخانکردنی شتی هەرەپیرۆز هەڵبژێردران، بۆ قوربانی کردن لەبەردەم یەزدان و داواکردنی بەرەکەت بە ناوی ئەوەوە بۆ هەتاهەتایە. 13
هەروەها کوڕەکانی موسای پیاوی خودا وەک بەشێک لە هۆزی لێڤی دانران. 14
کوڕەکانی موسا گێرشۆم و ئەلیعەزەر بوون. 15
نەوەکانی گێرشۆم: شوڤائێل کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو. 16
نەوەی ئەلیعەزەریش: ئەلیعەزەر تەنها یەک کوڕی هەبوو ناوی ڕەحەڤیا بوو، بەڵام ڕەحەڤیا کوڕی زۆر بوو. 17
کوڕەکانی یەسهار: شەلۆمیت کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو. 18
کوڕەکانی حەبرۆن: یەرییاهو کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو، ئەمەریا دووەم و یەحەزیێل سێیەم و یەقەمەعام چوارەمیان بوو. 19
کوڕەکانی عوزیێل: میخا کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو و ییشیا دووەمیان بوو. 20
کوڕەکانی مەراری: مەحلی و موشی. کوڕەکانی مەحلی: ئەلعازار و قیش. 21
ئەلعازار مرد و کوڕی نەبوو، تەنها کچی هەبوو، جا کوڕەکانی قیشی برای هێنایانن. 22
کوڕەکانی موشی: مەحلی، عێدەر و یەریمۆت، سێ کوڕ بوون. 23
ئەمانە نەوەی لێڤی بوون بەگوێرەی بنەماڵەکانیان. گەورەی بنەماڵەکان کە بەپێی ناوەکانیان تۆمار کران و یەک بە یەک سەرژمێر کران، لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە کە لە پەرستگای یەزدان خزمەتیان دەکرد، 24
چونکە داود گوتبووی: «لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل گەلەکەی حەساندووەتەوە و بۆ هەتاهەتایە یەزدان لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بووە، 25
ئیتر پێویست ناکات لێڤییەکان چادرەکەی پەرستن یان هیچ یەکێک لەو قاپوقاچاغانەی کە لە خزمەتی چادرەکەی پەرستن بەکاردەهێنرێت هەڵبگرن و بگوازنەوە.» 26
بەپێی دوایین فەرمانی داود، لێڤییەکان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە سەرژمێری کران. 27
لێڤییەکان بەردەستی نەوەی هارونیان دەکرد لە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان: بەرپرس بوون بۆ حەوشە و ژوورە لاتەنیشتەکان، بۆ پاککردنەوەی شتە پیرۆزەکان، بۆ خزمەتکردنی دیکەش لە ماڵی خودا؛ 28
بەرپرسیاریێتیشیان هەبوو بۆ نانی تەرخانکراو و باشترین ئارد بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و ناسکە نانی فەتیرەی و خۆراکی سەر ساج و تێکەڵکردنی هەرچی کە تێکەڵ دەکرێت و بۆ هەموو ئەندازە و پێوانەکردنێک؛ 29
هەروەها بۆ ڕاوەستان هەموو بەیانییەک بۆ سوپاسکردن و ستایشکردنی یەزدان ئێوارانیش بە هەمان شێوە؛ 30
هەروەها بۆ هەموو سەرخستنێکی قوربانی سووتاندن لە شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکان. پێویست بوو لێڤییەکان بەو ژمارەیە و بەو چەشنەی کە ڕێسایە لەسەریان، بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان خزمەت بکەن. 31
ئیتر لێڤییەکان لە چادری چاوپێکەوتن و شوێنی پیرۆز پارێزگاریان دەکرد، هەروەها بەردەستی نەوەی هارونیان دەکرد لە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان. 32

< یەکەم پوختەی مێژوو 23 >